ئەمڕۆ شەممە 7ـی 2ـی 2015 لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میونیخ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بە جیا لەگەڵ خاتوو فیدریكا موگیرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا و بورگ برێند وەزیری دەرەوەی نەرویج و خاتوو ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و ئێدوارد ناڵبەندیان وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا و تەممام سەلام سەرۆك وەزیرانی لوبنان كۆبوویەوە.
لەم كۆبوونەوانەدا هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان تاوتوێ كرا.
شایانی باسە لەم كۆبوونەوانەدا مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێن و دڵشاد بارزانی نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە ئەڵمانیا یاوەری سەرۆك بارزانی بوون.
لە كۆبوونەوەیەكدا وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی ئەم دیدارە و ڕێز و پێزانینی خۆیشی نیشاندا بۆ پێشمەرگە كە ئازایانە شەڕی تیرۆریستانی داعش دەكات و ڕاشیگەیاند كە ئامادەبوون و سەرپەرشتیكردنی ڕاستەوخۆی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕ مانایەكی قووڵی هەیە و ئەڵمانیا لەو مانایە دەگات. هەروەها ئەوەیشی خستەڕوو كە بۆ حكوومەتی ئەڵمانیا مایەی شانازییە كە هاوكاریی پێشمەرگە دەكات لە شەڕی دژی تیرۆریستان. وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئەوەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە هاتووە بۆ ئەوەی كار بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگی و هاوكاری هێزی پێشمەرگە و هەروەها مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە بكات و لە پێویستییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئاگادار ببێتەوە. وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا هێمایشی بەوەدا هاتنی شاندی پارلەمانی ئەڵمانیا و لیژنەی بەرگریی پارلەمانی ئەڵمانیا بۆ ئەوەیە كە لەڕووی تەشریعییەوە بتوانن چوارچێوەیەكی یاسایی پتەو بۆ هاوكاریكردنی پێشمەرگە دابڕێژین.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ئەندامانی لیژنەی پارلەمانی ئەڵمانیا لەمەڕ چۆنییەتی یارمەتیدانی پێشمەرگە و هەڕەشەی تیرۆریستان كۆمەڵێك پرسیاریان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و جەختیشیان لە دۆستایەتیی گەلی ئەڵمانیا و گەلی كوردستان كردەوە و ستاییشی گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد كە لەپاڵ شەڕی داعش یارمەتیی ئاوارەكانیان داوە و ئەوانیان لە هەڕەشەی تیرۆریستان پاراستووە. شاندی میوان هاوخەمیی خۆیشیان دەربڕی بۆ خانەوادە و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانەی لە بەرەكانی جەنگدا شەهید بوونە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای كرد كە یارمەتیی گەلی كوردستانیان داوە و ئەو هاوكاریانەی بە كاریگەر وەسفكرد. وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ ئەوەی دووپاتكردەوە كە گەلی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستاندا ئیرادەیەكی بەهێزی هەیە و پێشمەرگەیش توانیویەتی لەزۆر شوێن شكست بە تیرۆریستان بهێنێت. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە هێزی پێشمەرگە پێویستی بە هاوكاری و یارمەتیدانی دۆستانی هەیە بۆ ئەوەی ئەم شەڕە یەكلایی بكاتەوە. لەگەڵ ئەوەیش ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئەركی هەموو جیهانیانە و ڕووداوەكانی شاری پاریس بەڕوونی پێشانیدا كە تیرۆر دەتوانێ لە زۆر شوێن ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و ناسەقامگیری. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە هەرێمی كوردستان ڕەچاوی هەموو ئەو ئیلتزاماتانە دەكات كە لەگەڵ دۆستان و هێزی هاوپەیماناندا هەیەتی.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی پێویستییەكانی پێشمەرگە و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و هەروەها دەڤەری شنگال و كۆبانێ و گوزەرانی ژیانی ئاوارەكانی بۆ شاندی میوان خستەڕوو.
شایانی باسە لەم كۆبوونەوەیەدا مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و دلشاد بارزانی نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە ئەڵمانیا و فەریق شێروان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەدوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە سەرۆك بارزانی و وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە پڕێسكۆنفرانسێكدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن خستەڕوو.
بۆ بینینی پڕێسكۆنفرانسەكە ئێرە كلیك بكە